Home

Friday 2 March 2018

جەنگی یەکەمی خاچپەرستەکان



ئەم جەنگە بریتیبوو لە کۆمەڵێک جەنگ و پێکدادانی جیاواز لە سەدەکانی ناوەڕاست لە نێوان ھێزە گاورەکان و موسڵمانەکان لەسەر خاکی ڕۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست بە گشتی و شاری ئۆرشەلیم )قودس( بە تایبەتی کە شارێکی پیرۆزە لە ھەردوو ئاینەکەدا).

ھۆکاری جەنگەکەکان



1. مەترسی ئیسلام لەسەر ئەوروپا کە ئەو کات موسڵمانان لە ئەندەلوس کە ئەکاتە ئیسپانیا و پورتوگالی ئێستا دەسەڵاتیان ھەبوو و زۆر کات ھێرشیان دەکردە سەر ناوچەکانی تری ئەوروپا، ھەروەھا لە ناوچەی ئەنادۆڵەوە کە ئەو کاتە سەلجوقیە تورکیەکان دەسەڵاتیان ھەبوو مەترسیان دروستکردبوو لەسەر قوستەنتینیە   و پێشوتریش موسڵمانان دەستیان گرتبوو بەسەر ناوچەی ئەنادۆڵ کە پێشوتر بیزەنتیەکانی لێبوو و گاورەکان دەیانویست ھەڕەشەی ئیسلام لەسەر ئەوروپا لاببەن[1][2]
2. ھەوڵی ئیمپڕاتۆڕی بیزەنتی بۆ دەستبەسەراگرتنەوەی ئەو ناوچانەی لە ئەنادۆڵ لە دەستیدابوون[4]
3. پاڵنەری ئاینی کە لەناو خەڵکی سادە و باوەڕداری ئەوروپادا زۆر بەھێزبوو[3]
4. پاڵنەری تاکە کەسی بەشێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا کە مەبەستیان بوو لەوێ میرنشینێک بۆ خۆیان دروستبکەن[4]

دەستپێکی جەنگەکە



لە سەرەتادا قەشە پیتەر ھێرمێت بانگەوازی بۆ گرتنەوەی شاری ئۆرشەلیم کرد ، قەشە پیتەر کەسێک بوو  گوێدرێژی بۆ گەڕان بەکاردێنا و جلێکی سادەی لەبەر دەکرد و ھەژاری پێغەمبەرایەتی ھەبوو )فقر الرسولي) کە ئەمە وای لێکردبوو لە نێوان خەڵکی ڕۆژئاوای ئەوروپادا بە گشتی جێگەی باوەڕبێت، ئەم قەشەیە بانگەشەی ئەوەی کرد کە لەلایەن عیساوە ڕاسپێردراوە کە ئۆرشەلیم ئازادبکات، زۆر لە خەڵکی ئەوروپا دوای کەوتن و میانەی گەشتەکەیاندا زۆر گوندیان لە ئەوروپا تاڵان کرد، کە گەیشتنە لای قوستەنتینیە ئیمپڕاتۆری بیزەنتیەکان ڕێگەیاندا کە بپەڕنەوە بۆ ئەنادۆڵ لەوێ گەرچی چەندین گوندیان تاڵانکرد بەڵام لەلایەن سوپای سەلجوقیەکانەوە بەشێوەیەکی نیمچە تەواو لەناوبران بە جەنگاوەر و سڤیلەوە [4]

ھێرشی خاچپەرستی یەکەم



ئەم جەنگە لەلایەن کەسە خانەدانەکانی ئەوروپاوە سەرکردایەتی دەکرا لەوانەش گۆدفرێی بۆوڵن و ڕایمۆندی تۆوڵۆس و ڕۆبێرتی نۆرماندی و بۆھیمۆندی تارەنتۆ و ھتد، کاتێک ئەم ھێزانە گیشتنە قوستەنتینیە ئیمپڕاتۆری بێزەنتی بەڵێنی لێوەرگرتن کە ھەر زەویەک بگرن کە پێشوتر لەژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتی بێزەنتی بووە بیگێڕنەوە بۆ ئەو و بە شێوازی جیاواز بەڵێنی لە ھەمووان وەرگرت بێجگە لە ڕایمۆندی تۆڵۆس لە بەرامبەر ئەمەدا بێزەنتیەکان یارمەتی خاچپەرستەکانیاندا لە ڕووی ئازوقە و لە ڕووی جەنگاوەرەوە و ئیمپڕاتۆر بەڵێنی دابوو کە خۆی بەشداری شەڕ بکات بەڵام وانەکرد و لە جێگەی خۆی ھێزێکی نارد بە سەرکردایەتی یەکێک لە جەنگاوەرەکانی.[4]

دەرئەنجام



خاچپەرستەکان لەم جەنگەدا سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستھێنا لەوانەش سەرکەوتنی دۆریلیۆم کە لەدوای ئەم سەرکەوتنەوە بەرەنگاری ڕێکخراوی دەوڵەتی سەلجوقی نەما و بووە بەرەنگاری پارتیزانیانە، لە شەڕە گرنگەکانی تریش وەک شەڕی ئەنتاڵیا کە سەرەڕای قورسی شەڕەکە لە کۆتایدا خاچپەرستەکان بردیانەوە ، دوای ئەوە کێشە کەوتە نێوان بۆھیمۆند و ڕایمۆند کە وای کرد بۆ ماوەیەک خاچپەرستەکان وازلە ھێرشکردن بۆسەر ئۆرشەلیم بێنن بەڵام دوای ئەوەی کە خەڵکە ئاساییەکان و جەنگاوەرە سادەکان ھەڕەشەی سوتاندنی ھەموو ئەنتاڵیایان کرد بۆیە ناچار خانەدانەکان کێشەکانیان وەلانا و دووبارە بەرەو ئۆرشەلیم بەڕێکەوتن لە ڕۆژی 7/7 ساڵی 1099 خاچپەرستەکان گەیشتنە شاری ئۆرشەلیم و لەو گردەی کە ناویان لێنا گردی دڵخۆشی بۆ یەکەمجار شاری ئۆرشەلیمیان بینی و دوای ھ٩ ڕۆژ ئابڵوقەدان خاچپەرستەکان توانیان دیواری شارەکە ببەزێنن و شارەکە بگرن و لەم شەڕەدا وەک شەڕەکانی پێشوتر گۆدفرێی بۆوڵن کاریگەریێکی گرنگی ھەبوو خۆی و چەند سوارچاکێکی یەکەمجاری دیوارەکانیان بەزاند و چوونە ناو شارەکەوە.[3]

کاتێک خاچپەرستەکان چوونە ناوشارەکەوە ھەموو موسڵمان و جولەکەکانی ناو شارەکەیان کوشت، لە ٢٢ ھەمان مانگدا خاچپەرستەکان لە کڵێسای قیامە کۆبونەوە و ڕایمۆندی چواریان ھەڵبژارد بۆ ئەوەی ببێتە پاشای ئۆرشەلیم بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە چونکە دەترسا لە ھەڵگرتنی ناوی پاشای شارێک کە عیسا تێیدا ئازاردراوە،بۆیە دواتر گۆدفرێی بۆوڵن بە پاشا ھەڵبژێردرا گەرچی ئەو ڕازیبوو کە ببێتە بەڕێوبەری شارەکە بەڵام ئەو تاجێکی بەردینی لەسەرکرد چوونکە ئەو ڕەتیکردەوە تاجێکی ئاڵتەنی لەسەر بکات لە شارێک کە تێیدا عیسا تاجێکی بەردینی لەسەرکردبوو، ھەروەھا ئەم نازناوی پاشای لە خۆی نەنا بەڵکو نازناوی پارێزەری کڵێسای قیامەی لە خۆی نا.[3]

سەرچاوەکان

1. عبدالرحمن الغافقي شهيد بلاط الشهداء.(محمد علي قطب)
2. دولة السلاجقة. (الدكتور علي محمد الصلابي)
3. Godfrey de bouillon:defender of holy sepulcher. Tom Tozer
4. الحملة الصليبية الاولى نصوص و وثائق (18-26) (قاسم عبده قاسم)


No comments:

Post a Comment